سزای سێدارەی مەهدی ئەسغەرزادە، بەندكراوی مەزهەبی كورد بە نهێنی لە بەندیخانەی قزڵحیسار جێبەجێ كرا

١٥ گەلاوێژ ٢٧٢٥، ١١:٥٢

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٥

سزای سێدارەی مەهدی ئەسغەرزادە، بەندكراوی مەزهەبی كورد و خەڵكی جوانڕۆ بە شێوەیەكی نهێنی لە بەندیخانەی قزڵحیساری كەرەج جێبەجێ كرا. ئەم بەندكراوە ١٠ ساڵ پێش دەستبەسەر و نزیک بە دوو ساڵ پێش سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانی چوارشەممە ١٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ (٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی مەهدی ئەسغەرزادە، بەندكراوی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵكی جوانڕۆ لە بەندیخانەی قزڵحیساری كەرەج جێبەجێ كرا. هەواڵدەریی میزان، هەرواڵدەریی فەرمی دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندكراوەی پشتڕاست كردووەتەوە.

سزای سێدارەی ئەم بەندكراوە دوو جار لە لایەن دیوانی باڵاوە پشتڕاست كرابوویەوە و لە دادنامەی ناوبراو هاتبوو كە تەرمەكەی ڕادەستی بنەماڵەی ناكرێتەوە. سزای لەسێدارەدانی ئەم بەندكراوە لە كاتێكدا جێبەجێ كراوە كە لە مافی كۆتا مافی چاوپێكەوتن لەگەڵ بنەماڵەكەی بێبەش بووە.

هەنگاو پێشتر لە زاری سەرچاوەكانی خۆی نووسیبووی كە مەهدی ئەسغەرزادە ساڵی٢٠١٦ دوای گەڕانەوەی لە وڵاتی سووریە، لە جوانڕۆ دەستبەسەر و دوای دوو ساڵ بەندكران لە ژووری تاكەكەسی لە تاران بۆ بەندیخانەی دیزڵاوای كرماشان گواسترایەوە و هەشت ساڵی كۆتایی لەو بەندیخانەیە بوو.

مەهدی ئەسغەرزادە پاییزی ٢٧٢٣ لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی كرماشان بە سەرۆكایەتی دادوەر “شاهرۆخ مورادی” بە تۆمەتی “شۆڕشی چەكدارانە دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران” سزای سێدارە و بە تۆمەتی “ئەندامییەتی لە گرووپی تیرۆریستی داعش” سزای سێ ساڵ بەندكرانی بەسەردا سەپێندرابوو و ئەم سزایە لە ڕێكەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ بە ناوبراو ڕاگەیێندرابوو.

شایانی باسە كە، لە دادنامەی ئەم بەندكراوە كە كۆپیێكی بە دەستی هەنگاو گەیشووە، نووسراوە كە تەرمی نابراو دوای جێبەجێكرانی سزای سێدارەكەی ڕادەستی بنەماڵەی ناكرێ.

ئەم بەندكراوە مەزهەبیە كوردە لە ماوەی دەستبەسەركرانەكەیدا لە ژێر سەختترین ئەشكەنجەكاندا ببوو و ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دژی خۆی كرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە