سامان محەممەدی خەیارە بەندکراوی سیاسیی کورد بە نهێنی لەسێدارە درا

١٢ ڕەزبەر ٢٧٢٥، ١٠:٤٨

هەنگاو؛ شەممە ١٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٥

سزای سێدارەی سامان محەممەدی خەیارە،  بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی سنە، دوای ١٦ ساڵ بەندکران بە شێوەی نهێنی لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراو. هەنگاو شەوی ڕابردوو سەبارەت بە ئەگەری جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەم بەندکراوە هۆشداری دابوو.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٥ (٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی سامان محەممەدی خەیارە، تەمەن ٣٤ سال و بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری سنە لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج، ناوەندی پارێزگای ئەلبۆرز جێبەجێکرا. 

جێبەجێکرانی سزای سێدارەی سامان محەممەدی خەیارە بە شێوەی نهێنی و بە بێ مافی دوایین چاوپێکەوتنی ناوبراو لە گەڵ بنەماڵەکەی جێبەجێکراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو جێبەجێکرانی سزای سێدارەی سامان محەممەدی خەیارە شەرمەزار دەکات و جارێکی دیکە داوا لە ناوەندە مافی مرۆڤی و کۆڕە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە هەموو هەوڵی خۆیان بۆ پێشگرتن سزای سێدارە و  ڕاگیرانی هەمیشەیی ئەو سزایە لەئێراندا بخەنە گڕ.

پێشتر هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای پێداچوونەوە بە دۆسیەی سامان محەممەدی و هەروەها هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارەی ناوبراوی ڕەدکردووەتەوە.

شیاوی ئاماژە پێدانە کە سامان محەممەدی خەیارە لەکاتی دەستبەسەرکردن تەنیا ١٩ ساڵی بووە و لەماوەی ١٦ ساڵی ڕابردوودا لەمافی مرەخەسی گرتن و ئازادیی کاتی بێبەش بووە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، سامان محەممەدی ١٦ ساڵ پێشتر لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو و دواتر لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەبولقاسم سەلەواتی" بە تۆمەتی"موحاربە" و"ئەندامێتی لە گرووپە دژە شۆڕشە تیرۆریستییە پەیوەندیدارەکان بە سرویسی زانیاریی بێگانەکان"ەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.

شایانی باسە کە سامان محەممەدی لە ڕۆژانی دەستبەسەربوونی و لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگاکەیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری دیاریکراوی خۆی بێبەش بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سامان محەممەدی خەیارە لە ماوەی ڕۆژانی دەستبەسەربوونیدا بەسەختی ئەشکەنجە دراوە و لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێی دژ بە خۆی لەسەر کوشتنی خەلیفە ئیبراهیم فەرهادی لە شاری قوروە و هێزێکی نیزامی لە شاری سنە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٧٠٩ کە بە "بزووتنەوەی سەوز" ناسرابوو، کراوە

ماڵپەڕە حکومەتییەکان پێشتر هەواڵی سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر ژمارەیەک لە ئەندامانی گرووپێکیان ڕاگەیاندبوو کە دوو کەس لە هێزە ئینتزامییەکان، مەلا بورهان، پێش نوێژی کاتیی شاری سنە و پێش نوێژی مزگەوتی قوبای ئەو شارە، محەممەد شێخولئیسلام، نوێنەری خەڵکی سنە لە پەرلەمانی شارەزایانی ڕێبەری و ئیبراهیم فەرهادی لە شاری قوروەیان کوشتووە.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە