مەریوان؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی ئاریان ناریزادە

١٦ گەلاوێژ ٢٧٢٥، ١٣:٢٥

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۱۶ی گەلاوێژی ۲۷۲۵

ئاریان ناریزادە، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری مەریوان، لە دوو مانگ پێشترەوە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ۵۸ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی ئاریان ناریزادە، گەنجی تەمەن ۳۰ ساڵی خەڵکی مەریوان لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، تا ئێستا زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و هەوڵەکانی بنەماڵەکەی بە مەبەستی بەدواداچوون لەسەر بارودۆخی ئەو هاووڵاتییە بێ ئاکام ماونەتەوە و ناوەندە ئەمنییەکان لە دانەوەی وەڵامێکی ڕوون لەو بوارەدا خۆ دەبوێرن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی ناریزادە، ئاریان ناریزادە ڕۆژی چوارشەممە ۲۱ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۱۵ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، لە ڕەوتی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە سنە گواسترایەوە.

شایەنی باسە کە لەو ماوەیەدا، بنەماڵەی ئاریان ناریزادە بەهۆی ترسیان لە گوشارە ئەمنییەکان هەواڵی دەستبەسەرکرانی ناوبراویان میدیایی نەکردۆتەوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە کوردە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە