ڕاپۆرتی مانگانەی هەنگاو لەسەر پێشێلکرانی مافەکانی ژنان لە ئێران، جولای ٢٠٢٥

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٦ی گەلاوێژی ٢٧٢۵
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢٥دا لانی کەم ۱۷ چالاکی ژن دەستبەسەر کراون و ۶ چالاکی ژنیش لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ۱۴ حاڵەتی ژنکوژی و ۳ حاڵەتی لەسێدارەدرانی ژنان لە شارە جیاوازەکانی ئێران تۆمار کراوە.
جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ژنان لە ئێران
لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢٥دا سزای سێدارەی لانی کەم ۳ ژن لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە کە دوو کەسیان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و یەک کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو و ناسنامەیان بەو شێوە بووە؛
١- عاتفە ئەمینی خەڵکی یەزد بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد لەسێدارە درا.
٢- ناهید جەوکار خەڵکی شیراز بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز لەسێدارە درا.
۳ـ مەهتاب بەیاتی خەڵکی مەشهەد، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی ناوەندیی مەشهەد لەسێدارە درا.
دەستبەسەرکرانی ۱۷ چالاکی ژن لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢٥
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا، لانی کەم ۱۷ چالاکی ژن لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە ۱۱.۵٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراوی ئەو مانگە پێکدێنن.
لانی کەم ۶ ژنی دەستبەسەرکراو لە چالاکانی ژنی کورد، ۲ ژن لە چالاکانی بەهایی و ۲ کەسیش لە هاووڵاتییانی بیانی بوون و ناوەکانیان بەو شێوەیە؛
شیراز؛ ۱ـ نگین ئەمینزادە ۲ـ ئەرمەغان ئەمینی
تاران: ۳ـ نێدا کاریگەر ۴ـ مینا مەشهەدی مەهدی
ئیسفەهان: ۵ـ ئەفرووز کیانی ئێرسی
قائێمشار: ۶ـ راکێئۆل عەتاییان
بۆکان: ۷ـ مەلەک فەرەج بەیگی
تایباد: ۸ـ سارا گەوهەری
بجنۆرد: ۹ـ کەژاڵ ساڵحی
شیروان: ۱۰ـ ئەعزەم ناسری
کامێران: ۱۱ـ ڕووناک دەشتی
یاسووج: ۱۲ـ مەهسا شەفیعی
ڕەشت: ۱۳ـ ڕۆزیتا ڕەجایی
مەهاباد: ۱۴ـ کلارا ڕەسووڵی
برووجێرد: ۱۵ـ لەیلا سارێمی
بێهبەهان: ۱۶ـ فرووغ خوسرەوی
کرمان: ۱۷ـ لیندزی فۆرمێن
سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر چالاکانی ژندا
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢٥دا لانی کەم ۶ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران سەرجەم سزای ۷ ساڵ و ۲ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. لانی کەم ۵ مامۆستای خەڵکی کرمان لەنێوان ئەو ژنانەدا بوون کە لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
ناسنامەی ئەو ژنانەی سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە؛
۱ـ فریشتە سووری خەڵکی نەهاوەند سزای ۳ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
۲ـ فاتمە یەزدانی خەڵکی کرمان سزای ۱۰ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
۳ـ میترا نیکپوور خەڵکی کرمان سزای ۱۰ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
۴ـ زەهرا عەزیزی خەڵکی کرمان سزای ۱۰ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
۵ـ لەیلا ئەفشار خەڵکی کرمان سزای ۱۰ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
۶ـ شەهناز ڕەزایی شەریف ئابادی خەڵکی کرمان سزای ۱۰ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
دەستبەسەرکران و سزادانی ژنان یەک لە شێوە جێکەوتووەکانی هەڵاواردن لە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە. لە دوای شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" گوشارەکان لەسەر چالاکانی ژن قەبارەیەکی بەربڵاوتر و سەختتری بەخۆیەوە دیتووە. کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی ڕێکخراوانە بەردەوام لە کاتی هاتنە سەرکارییەوە هەوڵی داوە تا ئەو جێی بۆی دەکرێت گۆڕەپانی چالاکیی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مافی مرۆڤی بۆ ژنان سنووردارتر بکاتەوە. سیاسەتەکانی جیاکردنەوەی سێکسی و ڕەگەزی و هەروەها پەراوێزخستنی زیاتری کۆمەڵگای کەمینە سێکسی و ڕەگەزییەکان لە ڕێگای بە سزاناساندنی ناسنامەیانەوە یەکێک لە سیاسەتە جددییەکانی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئێرانە.
تۆمارکردنی ۱۴ حاڵەتی ژنکوژی لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢٥
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢٥ لانی کەم ۱۴ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران کوژراون کە کوژرانی زۆربەیان بە دەستی کەسانی نزیکی خۆیان وەکوو هاوژینەکەیانەوە ڕوویداوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ۳ ژن لە لایەن هاوژینەکەیان و ۲ ژن لە لایەن هاوژینی پێشوویانەوە کوژراون. ۲ ژن لە لایەن مێردی خوشک، ۳ ژن بەدەستی برا، ۲ ژن لە لایەن دۆستەکەیان و یەک ژنیش لە لایەن مامییەوە کوژراوە و زانیارییەکی ورد لەسەر بکوژی یەک ژن لەبەر دەستدا نییە.
لە سەرجەم ئەو ۱۴ حاڵەت ژنکوژییە، لانی کەم ۴ ژن بە پاساوی پاراستنی نامووس و شەرەفەوە کوژراون. هەروەها هۆکاری لانی کەم ۵ حاڵەتی ژنکوژی بە کێشەی خێزانییەوە ڕاگەیێندراوە. ۳ ژن بەهۆی ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیری کوژراون و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر هۆکاری کوژرانی ۲ ژن لەبەر دەستدا نییە.
جیاکردنەوەی ژنکوژییەکان بەپێی پارێزگاکان؛
پارێزگاکانی هۆرمۆزگان، ئیلام و لوڕستان: هەر یەک ۲ حاڵەت
پارێزگاکانی خوراسانی ڕەزەوی، کرمان، کرماشان، سنە، فارس، تاران و ئورمیە: هەر یەک ۱ حاڵەت
ژنکوژی بەرزترین ئاستی دژایەتیی ژنان لە کۆمەڵگادایە. کوشتنی ژنان بە پاساوی پاراستنی نامووس تەنیا بەشێک لە ژنکوژییەکان لەخۆ دەگرێت. بنەمای سەرەکیی ژنکوژی لە کۆمەڵگاکاندا مێژوو، بۆنەکان و یاسا پیاوسالار و دژەژنانەکانە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تەنیا لە ساڵی پێشوودا ١۹۱ ژنکوژی لە ئێراندا تۆمارکراوە کە بەشێکی هەرە زۆری ئەو کوشتنانە لە لایەن ئەندامانی بنەماڵە و کەسانی نزیکی ئەو ژنانەوە ئەنجام دراوە. یاسا و بیری دژەژنانە ڕقێکی قووڵ دژ بە ژنان ئاسایی دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کوشتنی ژنان بە شێوەیەکی ئاساییتر و بێ تێچووتر ئەنجام بدرێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سیستەمێکی ئاپارتایدی ڕەگەزی دەزانێت کە تێیدا کوشتن و ئازاردانی ڕێکخراوانەی ژنان لە هەندێک قۆناغدا یاسایی کراوەتەوە. پێویستە کۆمەڵگای جیهانی سیستەمی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ڕیزی "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی"دا هەڵسەنگێنێت و ئەوەش لە پێناسە نێودەوڵەتییەکەیدا دابندرێت و کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای یاسا ئاشکرا دژەژنانەکانی و پێکهاتەی چەوساندنەوەی ژنان لە کۆمەڵگای ئێراندا، بخرێتە ڕیزبەندی ئاپارتایدی ڕەگەزییەوە و لەژێر ئەو چەمکەدا بە تاوانبار بناسرێت.