بانە؛ سامان کەریمی بە بارمتەی پێنج میلیاردی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا

١٨ گەلاوێژ ٢٧٢٥، ٢٠:٣١

هەنگاو؛ شەممە ١٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٥

سامان کەریمی، بەندکراویی سیاسیی پێشوو کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو و ٧٦ ڕۆژ پێش لەگەڵ هاوژینەکەی فەرزانە ڕەشیدی دەستبەسەرکرابوو؛ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی دادوەریی لە بەندیخانەی بانە ئازاد کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ (٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٥)، سامان کەریمی ٣٣ ساڵە و خەڵکی بانە، پاش دوو مانگ و ١٥ ڕۆژ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی پێنج میلیارد تمەنی لە بەندیخانەی بانە ئازاد کرا.

سامان کەریمی، سەرەتاکانی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، لە یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی بانە بۆ بەندیخانەی بانە و هەروەها فەرزانە ڕەشیدی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز گواسترانەوە.

فەرزانە ڕەشیدی هاوژینی ناوبراو، پێنجی گەلاوێژ بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد و نیوی لە بەندیخانەی سەقز ئازاد کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ (٢٥ی مەی ٢٠٢٥)، سامان کەریمی و فەرزانە ڕەشیدی لە لایەن هێزەکانی ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەرکران.

هێزەکانی ئەمنییەتی بە شێوەی تووندووتیژی، سەرەتا سامان کەریمیان لە یەکێک لە شەقامەکانی بانە دەستبەسەر کرد و پاشان بە هێرش بردنە سەر ماڵی شەخسییان، فەرزانە ڕەشیدی، هاوسەری ناوبراویان دەستبەسەر کرد.

سامان کەریمی پێشتریش، لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی خەزەڵوەری ٢٧١٨ (٨ی نوامبری ٢٠١٨)، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەرکرابوو و بۆ دەستبەسەرگەی شەهر ئومفەر(شهر امفهر) لە سنە گواسترابوویەوە. ناوبراو پاش یەک ساڵ دەستبەسەرکران لە ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ٢٧١٩ (١٢ی نوامبری ٢٠١٩)، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە دادوەریی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی « یاخیبوون لە ڕێگەی ئەندامێتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» سزای سێدارە و ١١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

سزای باسکراو لە خەرمانانی ٢٧٢٠ لە لایەن دیوان باڵای وڵات بە هۆی کەمی لێکۆڵینەوە بۆ لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنە ڕەوانە کرا.

سامان کەریمی پاش هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا و لە کۆتاییدا لە ڕێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (١٧ی جولای ٢٠٢١)، لە لایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کوردستان (سنە) بە تۆمەتی ئەندامێتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ٤ ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی ترس بۆ کۆمەڵگا و هاوپەیمانی دژی ئەمنییەتی وڵات بە ٤ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی پڕۆپاگەندەی دژ بە حکوومەت بە ١ ساڵ بەندکران و بە گشتی ٩ ساڵ بەندکران سزا درا کە بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان ٤ ساڵی جێگای جێبەجێ کردنە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە