بانە؛ ئازادی کاتیی هۆشیار شەعبانی بەدانانی بارمتە و دوای ۵۲ ڕۆژ دەستبەسەربوون

٢٠ ڕەزبەر ٢٧٢٥، ١٤:٢٧

هەنگاو؛ یەکشەممە ۲۰ی ڕەزبەری ۲۷۲۵

هۆشیار شەعبانی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی شاری بانە کە پێشتر لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو شارە دەستبەسەر کرابوو، بەدانانی بارمتەی دوو ملیار و چوارسەد ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی بانە ئازاد کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ۲۱ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۱۲ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۵)، هۆشیار شەعبانی، چالاکی مەدەنی تەمەن ۳۱ ساڵی خەڵکی بانە دوای ۵۲ ڕۆژ دەستبەسەربوون بەدانانی بارمتەی دوو ملیار و پێنسەد ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرا.

هۆشیار شەعبانی، ڕۆژی شەممە ۱۲ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۴ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۵)، دوای ۴۶ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی سنە، دوای کۆتایی ھاتنی پرۆسەی لێپرسینەوەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بانە گواسترابۆوە.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە، ئەو هاووڵاتییە لە تەواوی ماوەی دەستبەسەربوونی لە دەستبەسەرگەیەک لە شاری سنە لە سەرەکیترین مافەکانی خۆی بریتی لە مافی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و سەرەڕای سەردانی بەردەوامی بنەماڵەکەی بۆ ناوەندە ئەمنییەکانی بانە، سەقز و سنە هیچ وەڵامێک لەسەر باری تەندرووستی و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو بە بنەماڵەکەی نەدراوە.

هۆشیار شەعبانی ڕۆژی چوارشەممە ۲۹ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۲۰ی ئاگۆستی ۲۰۲۵) لە ناوچەی «کانی سوور»ی بانە دوای تەقەی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە ئۆتۆمبێلەکەی دەستبەسەر کرا.

هۆشیار شەعبانی لە ساڵەکانی ۲۷۱۷، ۲۷۱۸، ۲۷۱۹ و ۲۷۲۲ بەهۆی چالاکیی مەدەنی بریتی لە بەشداری لە کەمپینی پاڵپشتی لە کۆڵبەران و مانگرتنەکان چەندین جار دەستبەسەر کرابوو و لە دوو حاڵەتیدا سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە