ئەلشتەر؛ کوژران و بریندار بوونی سێ هاووڵاتیی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران

هەنگاو؛ شەممە ١٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٥
لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە خاڵی پشکنین و دەروازەی شاری ئەلشتەر سەر بە پارێزگای لوڕستان، دوو هاووڵاتیی بە ناوەکانی ئیمان باقری و ئەمیر حوسێن ڕەزایی گیانی خۆیان لە دەست دا و هاوژینی ئەمیر حوسێن ڕەزاییش بە هۆی سەختیی برینەکانیەوە چووەتە دۆخی کۆما و ئێستاش لە نەخۆشخانە لە ژێر چاوەدێری پزشکیدایە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی هەینی ١٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ (٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٥)، ئیمان باقری و ئەمیر حوسێن ڕەزایی دوو هاووڵاتیی خەڵی ئەلشتەر لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئینتزامی بۆ ئۆتۆمبێلی ناوبراوان لە خاڵی پشکنین و دەروازەی ئەم شارەدا، گیانی خۆیان لە دەست دا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەنگاوی ڕاگەیاند، هێزەکانی جێگیر لە خاڵی پشکنینی دەروازەی ئەلشتەر، دەستیان بە تەقەی ڕاستەوخۆ بۆ ئۆتۆمبێلی ئیمان باقری کرد و ناوبراو بە هۆی پێکران بە فیشەک دەست بە جێ گیانی لە دەست دا.
ئەم سەرچاوە زیادی کرد کە، ئۆتۆمبێلێکی دیکە کە لە پشتەوەی ئیمان باقری لە کاتی ڕۆیشتندا بوو و ئەمیر حوسێن ڕەزایی و هاوژینەکەی تێیدا بوون، کەوتنە بەر ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ کە بەو هۆیەوە، شۆفێرەکە پاش گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا و هاوژینی ناوبراویش بە هۆی قورسی برینەکانییەوە لە دۆخی کۆمادایە و لە نەخۆشخانەی عەشایەر لە خوڕەم ئاوا لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدایە.
شایانی باسە کە ئەمیر حوسێن ڕەزایی خۆیشی لە ئەندامانی کادری هێزەکانی ئینتزامیی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە کە لەگەڵ هاوژینەکەیدا خەریکی تێپەڕین لەو ڕێگایەدا بوون.
میدیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران بانگەشەیان کردووە کە «هێزەکانی خاڵی پشکنینی دەروازەی ئەلشتەر لە لایەن کەسێکی چەکدار بە دەمانچە و چەقۆوە کەوتوونەتە بەر هێرش». لە پێکدادانەکەدا، «هێرشبەر» کوژرا و ئۆتۆمبێلیکی دیکە لەوێدا کەوتە بەر ئامانجی تەقە کە شۆفێرەکەی پێش گەیشتن بۆ نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا.
ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرچاوە خۆجێیەکان و شایەتحاڵان لە وتووێژ لەگەڵ هەنگاودا جەختیان کردەوە کە ئیمان باقری هیچ جۆرە چەکێکی پێ نەبووە و میدیاکانی حکوومەت بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکە، دەمانچەی ڕێکخراوەیی ئەمیر حوسەین ڕەزاییان بە ناو ئیمان باقری ناساندووە و گێڕانەوەی « هێرشی کەسێک بە دەمانچە و چەقۆ بۆ خاڵی پشکنین» بە شێوەی پێچەوانە و دوور لە ڕاستی باس کراوە.
هەروەها دەستبەجێ، فەرماندەی ئینتزامی، فەرمانداری و ئیدارەی ئیتلاعاتی شار بە دەرکردنی فەرمانێکی گشتگیر، هەر جۆرە ئاگادار کردنەوەیەک لە بارەی ئەم تاوانەیان قەدەغە کردووە. ئەم سنووردار کردنەوانە بە تایبەت بە دانانی فشاری ڕاستەوخۆ بۆ سەر بەڕێوەبەرانی کاناڵەکانی ناوخۆیی ئەم شارە بووە تا پێش بە هەواڵ و وتنەوەی ڕاستییەکان بگرن.
شایانی باسە کە ئەم خاڵی پشکنینە لە کاتی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل دامەزراوە و پرۆسەی تەقە کردنە ڕێکنەخراوەکان، هاوکات بە دەستپێکردنی ئەم شەڕە، بە شێوەیەکی نیگەرانکەروە زیادی کردووە.