مەهاباد؛ بەردەوامیی ناڕوونیی چارەنووسی خدر ڕەسووڵی و کلارا ڕەسووڵی

١٩ گەلاوێژ ٢٧٢٥، ١٠:٣١

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٥

خدر ڕەسووڵی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد و کلارا ڕەسووڵی، باوک و خوشکی کارۆ ڕەسووڵی چالاکی سیاسیی دانیشتووی دەرەوەی وڵات و ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە مانگێک پێشەوە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری مەهاباد دەستبەسەرکران و هێشتا زانیارییەک لە چارەنووسیان لە دەستدا نییە. 

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی ٣١ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی خدر ڕەسووڵی، ٦٩ ساڵە و کلارا ڕەسووڵی، ٣٧ ساڵە، باوک و کچی خەڵکی مەهاباد، هەتا ئێستاش چارەنووسی ئەم دوو هاووڵاتییە دیار نییە. 

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک بە بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییانە، ناوبراوان لە مانگی پێشووەوە هەتا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی تەلەفونیان لەگەڵ کەسوکاریان نەبووە کە ئەم بابەتە بووەتە هۆی نیگەرانی لە بارەی باری تەندروستییان.

پێشتر هەنگاو لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار نووسیبووی کە خدر و کلارا ڕەسووڵی پاش دەستبەسەرکران لە مەهاباد بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە ئورومیە گواسترانەوە.

لەم بارەوە، کاناڵە تێلێگرامییەکانی سەر بە ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایانگەیاندووە کە بەم زووانە ویدیۆیەک لەسەر دانپێدانانی زۆرەملێی خدر ڕەسووڵی بڵاو دەکەنەوە. 

خدر ڕەسووڵی بەندکراوی سیاسیی پێشوو بە گشتی تا ئێستا ٥ ساڵ بەندکرانی لە بەندیخانەکانی ئێران تێپەڕاندووە و پاش بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیش هەڕەشەی لێکرا و بانگکرا. 

شایانی باسە کە، خدر ڕەسووڵی تا ئێستا دوو نەشتەرگەریی دڵی تێپەڕاندووە و ڕاگرتنی ناوبراو لە دۆخی زەخت و ئەشکەنجەدا، نیگەرانی زۆری لە بارەی دۆخی سڵامەتی بۆ بنەماڵەکەی درووست کردووە. 

خدر و کلارا ڕەسووڵی ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ (١٠ی جولای ٢٠٢٥)، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە تۆقاندن و بێڕێزی لە ماڵی بنەماڵەییان لە مەهاباد دەستەبسەرکرابوون.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە