بەرزبوونەوەی ژمارەی لەسێدارەدراوانی بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان بۆ سێ کەس

١٩ گەلاوێژ ٢٧٢٥، ١٩:٢٩

هەنگاو؛ یەکشەممە ۱۹ی گەلاوێژی ۲۷۲۵

سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بەناوی سەجاد حەبیبی، خەڵکی ئیلام کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان (بەندیخانەی دیزڵئاوا) جێبەجێ کرا. هەنگاو پێشتر هەواڵی لەسێدارەدرانی دوو بەندکراوی دیکەی لە هەمان بەندیخانە ڕاگەیاندبوو.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ۱۸ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۹ی ئاگۆستی ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی سەجاد حەبیبی، تەمەن ۳۸ ساڵ و خەڵکی ئیلام، لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا) جێبەجێ کرا.

ئەو بەندکراوە شەش ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەنگاو پێشتر هەواڵی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوێکی لوڕ بەناوی بەهادۆر ئێلیاسی، تەمەن ۳۱ ساڵ و خەڵکی خوڕەمئاوا و بەندکراوێکی کورد بەناوی سولەیمان ناسری خیز، هاووڵاتیی خەڵکی کرماشانی لەو بەندیخانە ڕاگەیاندبوو. بەهادۆر ئێلیاسی سێ ساڵ پێش و سولەیمان ناسری خیز پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کرابوون و لە ئاکامدا لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوانە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە