بەندیخانەی مەریوان؛ ڕێگری لە پێدانی مەرەخەسی و ئازادیی عادڵ پیرووزی، بەندکراوی سیاسیی کورد

٢٠ گەلاوێژ ٢٧٢٥، ١٣:٢٢

هەنگاو؛ دووشەممە ۲۰ی گەلاوێژی ۲۷۲۵

عادڵ پیرووزی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری مەریوان کە ماوەی سزای بەندکرانی خۆی لە بەندیخانەی ئەو شارەدا تێپەڕ دەکات، تا ئێستا لە مافی وەرگرتنی مەرەخەسی و ئیش کردن بێبەش بووە و سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی دە مانگ لە سزای یەک ساڵ بەندکرانەکەی، کۆتایی بەندکرانی ناوبراو پشتڕاست نەکراوەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ۱۹ی خەزەڵوەری ۲۷۲۴ (۹ی نۆڤەمبەری ۲۰۲۴)، عادڵ پیرووزی، تەمەن ۳۰ ساڵ و خەڵکی گوندی سەردوشی سەر بە شاری مەریوان دەستبەسەر و سەرەڕای تێپەڕکردنی ۲۷۵ ڕۆژ لە سزای بەندکرانەکەی، بەبێ دەستڕاگەیشتن بە سەرەکیترین مافەکانی لە بەندیخانەدا ڕاگیراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوەندە ئەمنییەکان بێجگە لە بەربەست سازکردن لە ڕێگای یاسایی، سەبارەت بە هەر چەشنە چالاکییەک لە داهاتوودا هەڕەشەی کوشتنیان لەو بەندکراوە سیاسییە کردووە.

هەروەها دایک و باوکی بە ساڵاچووی عادڵ پیرووزی ئێستا پێویستییان بە چاودێریی تایبەت هەیە و بوونی ناوبراو لەگەڵیان و سەرپەرشتی کردنیان پێویستە.

عادل پیرووزی ساڵی ڕابردوو لە لایەن دادگای شۆڕشی مەریوان بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا نووسیبووی عادڵ پیرووزی، لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، پەیوەندیی تەلەفۆنی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣، دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعات لە مەریوان دەستبەسەر کراو ڕۆژی ٢٥ی بەفرانباری هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرا.

عادڵ پیرووزی، پاییزی ساڵی ٢٧١۸ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دواتر بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات، لە لایەن دادگای شۆڕشی مەریوان سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

ئەو هاووڵاتییە، پاییزی ساڵی ٢٧١۹ بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی دەستبەسەر و دوای تێپەڕکردنی ٦ مانگ لە سزاکەی، ڕۆژی ٦ی خاکەلێوەی ٢٧۲۰ لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری مەریوان ئازاد کرا.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە