کامێران؛ دەستبەسەرکرانی دووبارەی ڕامین گورگانی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات

هەنگاو؛ دووشەممە ۲۰ی گەلاوێژی ۲۷۲۵
ڕامین گورگانی هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری کامێران جارێکی دیکە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو پێشتریش بەهۆی چالاکییەکانییەوە دەستبەسەر کرابوو.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ۱۹ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۱۰ی ئاگۆستی ۲۰۲۵)، ڕامین گورگانی هاووڵاتیی خەڵکی شاری کامێران لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارەدا دەستبەسەر کرا و دواتر بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواسترایەوە.
هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات پاش دەستبەسەرکردنی ڕامین گورگانی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەکەی و وێڕای پشکنینی تەواوی ماڵەکەیان، دەستیان بەسەر هەندێک لە کەلوپەلی تایبەتی ناوبراودا گرتووە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ڕامین گۆرگانی لەبەر دەستدا نییە.
ڕامین گورگانی ڕۆژی سێشەممە ۱۵ی ڕەشەممەی ۲۷۲۳ (۵ی مارسی ۲۰۲۴)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری کامێران دەستبەسەر کرا و دواتر بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.
ناوبراو دواتر لە لایەن دادگای شۆڕشی کامێران بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت" سزای شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا کە ئەو سزایە لە ئاکامدا بۆ پێبژاردنی پارە گۆڕدرا.