جێبەجێکرانی سزای پێنج بەندكراو لە بەندیخانەكانی خوڕەماوا، ئیسفەهان، ئەراک و مەشهەد

٢١ گەلاوێژ ٢٧٢٥، ١٠:٣٢

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٥

سزای سێدارەی پێنج بەندكراو بە ناوەكانی یاسر سەوگەند، زاكر ئارامش، ئەحمەدڕەزا تورکاشوەند جەواد یووسفی و ئومێد عەزیزیان، كە پێشتر بە تۆمەتی “پەیوەندیدار و مادە هۆشبەرەكانەوە” و “كوشتنی ئەنقەست” لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەكانی خوڕەماوا، ئیسفەهان، ئەراك و مەشهەد جێبەجێ كرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانی ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ (١١ی ئاگۆستی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی بەندكراوێكی لوڕ بە ناوی یاسر سەوگەند كە پێشتر بە تۆمەتی كوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر كرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەماوا جێبەجێ كرا. ئەم بەندكراوە ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی جێبەجێكرانی سزاكەی بۆ ژووری تاكەكەسی گواسترابوویەوە.

هاوكات لە هەمان ڕۆژ، سزای سێدارەی بەندكراوێكی بەلووچ بە ناوی زاكر ئارامش، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵكی گوندی “دورەك كەریماوا”ی شاری سەرباز سەر بە سیستان و بەلووچستان، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان جێبەجێ كرا. ئەم بەندكراوە چوار ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكانەوە دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو. ناوبراو ڕۆژی شەممە بە مەبەستی جێبەجێكرانی سزای سێدارەكەی بۆ ژووری تاكەكەسی گواسترابوویەوە.

لە لایەكی دیكەوە ڕۆژی یەكشەممە ١٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ (١٠ی ئاگۆست)، سزای سێدارەی بەندكراوێكی كورد بە ناوی ئەحمەدڕەزا تورکاشوەند كە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكانەوە دەستبەسەر كرابوو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەراك جێبەجێ كرا.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ (٦ی ئاگۆست)، سزای سێدارەی دوو بەندكراو بە ناوەكانی جەواد یووسفی، تەمەن ٤٤ ساڵ، خەڵكی كاشمەر و باوكی منداڵێک و ئومێد عەزیزیان لە بەندیخانەی ناوەندیی مەشهەد (وەكێڵاوا) جێبەجێ كرا.

جەواد یووسفی سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكانەوە دەستبەسەر و لە لایەن دەزگات دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو. سزای سێدارەی ناوبراو بە بێ ئاگاداكردنەوەی پێشوەخت بە بنەماڵەكەی و بە بێ چاوپێكەوتن جێبەجێ كرا. ئومێد عەزیزیان پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكانەوە دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندكراوانە تا كاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حكوومەتییەكان بە تایبەت میدیاكانی نزیك لە دەزگای دادوەرت ڕانەگەیێندراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە