ئورمیە؛ گواستنەوەی ئەمین کەریمی، هونەرمەندی کورد بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە

٢١ گەلاوێژ ٢٧٢٥، ١٢:٥١

هه‌نگاو؛ سێشەممە ۲۱ی گەلاوێژی ۲۷۲۵

ئەمین کەریمی، هونەرمەند، ئەکتەری شانۆکاری کورد و خەڵکی شاری ئورمیە و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی پاش کوتاییهاتنی پرۆسەی لێپرسینەوەکەی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ۲۰ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۱۱ی ئاگۆستی ۲۰۲۵)، ئەمین کەریمی، هونەرمەند و ئەکتەری شانۆ ناسراو بە ئەمینۆ پاش ۴۰ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و بە کۆتاێیهاتنی پرۆسەی لێپرسینەوەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هونەرمەندە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و لاپەڕەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەڕێوە دەچوون.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە ۱۰ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۱ی جولای ۲۰۲۵)، لە کاتی گەڕانەوە لە تورکیا لە سنووری سێرۆی ئورمیە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو.

شایەنی باسە کە ئەمین کەریمی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیشدا لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە