درێژکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەرکران؛ بەردەوامیی ناڕوونی چارەنووسی محەممەد ئەڵڵاڕەزایی

هەنگاو؛ سێشەممە ۲۱ی گەلاوێژی ۲۷۲۵
محەممەد ئەڵڵاڕەزایی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری دێولان لە یەک مانگ پێشترەوە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە. بڕیاری دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە لەم دواییانەدا درێژ کراوەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، چارەنووسی محەممەد ئەڵڵاڕەزایی، تەمەن ۳۶ ساڵ، خەڵکی سنە و دانیشتووی شاری دێولان سەرەڕای تێپەڕبوونی ۳۱ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی تا ئێستاش نادیارە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی محەممەد ئەڵڵاڕەزایی، بڕیاری دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بۆ ماوەی یەک مانگی دیکە درێژ کراوەتەوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.
محەممەد ئەڵڵاڕەزایی ڕۆژی شەممە ۲۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۱۲ی جولای ۲۰۲۵)، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری دێولان دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.