کرماشان؛ پشکنینی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە

هەنگاو؛ هەینی ۲۴ی گەلاوێژی ۲۷۲۵
هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دانانی خاڵی پشکنین لە شەقامەکانی شاری کرماشان، وێڕای ترساندنی هاووڵاتییان ئۆتۆمبێلەکانیان بە تەواوی دەپشکنن. هەروەها بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان فڕۆکەی شەڕکەری کۆماری ئیسلامی بە سەر ئەو شارەدا دەسووڕێتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزە حکومەتییەکان لە شاری کرماشان بڵاو بوونەتەوە و بەشێوەیەکی بەرفراوان خاڵی پشکنینیان بە مەبەستی کۆنترۆڵکردن و ترساندنی هاووڵاتییان داناوە.
بە وتەی هاووڵاتییانی کرماشان لەو چەند شەوەدا خاڵی پشکنین لە هەندێک شوێن وەکوو جووتسایدی تاقوەسان، دەوڵەتئاوا و شەقامی نزیک نەخۆشخانەی ئیمام ڕەزا داندراوە و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان دەپشکنن و کەشێکی تۆقێنەریان ساز کردووە.
هاوکات لەگەڵ ڕەوتی پشکنین لە نێو شاردا، فڕۆکە شەڕکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەر شاری کرماشاندا دەسووڕێنەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەتایبەتی سوپای پاسداران و بەسیج لەژێر ناوی «بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ مووساد» ڕەوتێک لە ترساندن، دەستبەسەرکردن و تەقەی ڕاستەوخۆ لە هاووڵاتییانیان دەست پێ کردووە.