مۆڵەتی بەپەلەی ناوەندە ئەمنییەکان بۆ چۆڵکردنی سنوورەکانی کرماشان؛ کۆچی زۆرەملێی کۆچەرییەکان بەرەبەری لەساڵی نوێدا

٢٢ ڕەشەمە ٢٧٢٥، ١١:٢١

هەنگاو؛ هەینی ٢٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥

ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئامانجی جێگیرکردنی کەرەستە قورسە جەنگییەکان، ئەو کۆچەرانەی لەسەر سنوورەکانی پارێزگای کرماشان جێگیرن، خستووەتە ژێر گوشارەوە تاوەکوو پێش کاتی دیاریکراوی ساڵانەی خۆیان، کۆچی زۆرەملێ بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئۆرگانە سەربازییەکان بە هەموو کۆچەرییەکانی ناوچە سنوورییەکانی قەسری شیرین، خەسرەوی، نەفتشار و سۆماریان ڕاگەیاندووە کە دەبێت تا ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥، ئەم ناوچانە چۆڵ بکەن و بەرەو ناوچە کوێستانییەکان بڕۆن.

سەرچاوەکانی هەنگاو لە قەسری شیرین پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ئەم فەرمانە بە مەبەستی چۆڵکردنی هێڵی سنووری بۆ جێگیرکردنی یەکەکانی تۆپخانە و کەرەستە قورسە سەربازییەکان دەرکراوە. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە گۆڕینی ژینگەی مەدەنی بۆ ناوچەی جەنگی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ئەمنییەتی گیانی و بژێویی سەدان بنەماڵەی خۆجێییی ڕووبەڕووی قەیرانی بەرچاو کردووەتەوە.

ناچارکردنی کۆچەرەکان بە کۆچی پێشوەختە لە دۆخێکدایە کە بەهۆی سەرما و سۆڵەی توند لە ناوچە کوێستانییەکاندا، کۆچکردن لەم کاتەدا دەبێتە هۆی لەناوچوونی بەکۆمەڵی ئاژەڵەکانیان (کە تەنیا سەرچاوەی داهاتی ئەوانە).

بەپێی نەریتی ئاساییی ساڵانە، ئەم بنەماڵانە تا سەرەتای مانگی بانەمەڕ لە ناوچە گەرمێنەکاندا دەمێننەوە و فەرمانی ئێستا، چل ڕۆژ پێش کاتی سروشتیی خۆی دەرکراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم هەنگاوە، بە نموونەی ئاشکرای پێشێلکردنی مافەکانی بژێوی و دەستدرێژی بۆ سەر ئاسایشی ژیانی خەڵکی ناوچەکە دەزانێت. بەکارهێنانی لەوەڕگە مەدەنییەکان بۆ مەبەستی سەربازی و خستنە ژێر گوشاری توێژی لاوازی کۆچەر، پێشێلکردنی ڕاشکاوی کۆنڤانسیۆنی مافەکانی مرۆڤە لە بواری ئەمنییەتی هاووڵاتییانی مەدەنیدا.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە