ڕاپۆرتی هەنگاو سەبارەت بە گیانلەدەستدانی چوار هاووڵاتیی مەدەنی لەوانە ژنێک و سێ هاووڵاتیی کورد لە ڕەوتی شەڕدا
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥
چوار هاووڵاتی لەوانە ژنێک و سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی پەرەستش دەهاقین، نەبی غوڵامی، بەهرام سەییدیتەنیا و محەممەدعەلی جەوانمەرد لە کاتی کردنە ئامانجی ناوەندە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە شارەکانی تاران، ئورمیە، کامێران و سەلاسی باوەجانی کوژران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥، هاووڵاتییەک بە ناوی بەهرام سەییدیتەنیا، خەڵکی سەلاسی باوەجانی سەربە پارێزگای کرماشان، کە لە کاتی بۆردومانکردنی ناوەندە سەربازییەکانی ئەو شارەدا بە پریشک بریندار ببوو، دوای سێ ڕۆژ لە نەخۆشخانەی حەزرەتی ڕەسوولی جوانڕۆ گیانی لەدەستدا. ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەشەممە بریندار ببوو.
هەروەها ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥، پەرەستش (مائیدە) دهاقین، دەرمانساز و دەرچووی زانکۆی تاران، لە کاتی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە گەڕەکی ئاپادانای تاران گیانی لەدەستداوە. ئەم هاووڵاتییە لە کاتی ڕوودانی ئەم بۆردومانەدا لە دەرمانخانەیەک لە تەنیشت باڵەخانە سەربازییەکە کە کراوەتە ئامانج، سەرقاڵی کارکردن بووە.
ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥، هاووڵاتییەک بە ناوی محەممەدعەلی جەوانمەرد، تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی ئورمیە، لە کاتی بۆردومانکردنی کەلانتەریی ١٧ی ئەو شارە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە گیانی لەدەستدا. تەرمی ئەم هاووڵاتییە دوای پێنج ڕۆژ ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە و بە خاک سپێردرا.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥، نەبی غوڵامی، کرێکاری خەڵکی کامێران، لە کاتی بۆردومانکردنی کەلانتەریی ١٥ی ئەو شارەدا کوژرا.