سەقز؛ ڕەحمان ڕەحیمپوور، سزای بەندکران و پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپێندرا

هەنگاو؛ هەینی ۲۴ی گەلاوێژی ۲۷۲۵
ڕەحمان ڕەحیمپوور، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری سەقز لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای پێنج مانگ بەندکران و پێبژاردنی دە ملیۆن تمەن پارەی بەسەردا سەپێندرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕەحمان ڕەحیمپوور، تەمەن ۳۸ ساڵ و خەڵکی سەقز لە لایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە تۆمەتی «پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت» سزای ۵ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا کە ئەو سزایە بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵپەسێردراوە.
هەروەها ئەو هاووڵاتییە سزای پێبژاردنی بڕی پارەی دە ملیۆن تمەنیشی بەسەردا سەپێندراوە.
ڕەحمان ڕەحیمپوور ڕۆژی چوارشەممە ۱۰ی ڕێبەندانی ۲۷۲۴ (۲۹ی جەنیوەریی ۲۰۲۵)، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە سەقز دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی سنە ناسراو بە «قەرارگای شەهرامفەر» گواسترایەوە.
ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ۹ی ڕەشەممەی ۲۷۲۴ (۲۷ی فێبریوەریی ۲۰۲۵)، پاش ۳۱ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی سنە و بەندیخانەی ناوەندیی سەقز، بەدانانی بارمتەی ۱۰۰ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.