سەقز؛ بێهزاد ڕەسووڵی سزای ٨ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا
هەنگاو؛ یەکشەممە ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٦
بێهزاد ڕەسووڵی، هاووڵاتیی تەمەن ٤٣ ساڵی خەڵکی سەقز کە پێشتر بەهۆی نادیاربوونی چارەنووسی و گوشارە ئەمنییەکان دەستی دابووە مانگرتن لە خواردنی درێژخایەن، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بێهزاد ڕەسووڵی لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سەقز بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد غەفاری، بە تۆمەتی «ئەندامیەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» سزای ٨ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.
ئەم سزایە لە کاتێکدا بە سەر بێهزاد ڕەسووڵی سەپاوە کە ناوبراو پاییزی ساڵی ڕابردوو بە نێشانەی ناڕەزایەتی بە بەردەوامیی دەستبەسەرکرانی کاتی، گوشارە ئەمنییەکان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و بێبەشبوون لە چاوپێکەوتنی منداڵەکەی بۆ ماوەی ٧٠ ڕۆژ لە مانی لە خواردن گرتبوو. دۆخی جەستەیی ناوبراو لە ماوەی مانگرتنەکەیدا بە تێکچووبوو، بە شێوەیەک کە بەهۆی دابەزینی زۆری کێشی بۆ نەخۆشخانەی «خومەینی»ی سەقز گواسترایەوە، بەڵام تەنانەت لەوێشدا ئامادە نەببوو سێڕۆمی لێ بدرێت.
بێهزاد ڕەسووڵی ڕۆژی شەممە ٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ (٢٦ی ژوئیەی ٢٠٢٥) کاتێک بۆ چاوپێکەوتنی منداڵەکەی سەردانی ئیسفەهانی کردبوو، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو بۆ ماوەی چەندین هەفتە لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئیسفەهان لەژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەی دەروونیدا بوو و پاشان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز گواسترایەوە.