دەستبەسەرکرانی چوار هاووڵاتی لە شاری سەقز لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە

٢٨ گەلاوێژ ٢٧٢٥، ٢٢:٠٨

هەنگاو؛ سێشەممە ۲۸ی گەلاوێژی ۲۷۲۵

زەکەریا مورادی، ئومید ڕەحیمزادە، مەهدی کەماڵی و محەممەد ئەمینپوور، چوار هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری سەقز لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی دووشەممە ۲۷ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۱۸ی ئاگۆستی ۲۰۲۵)، زەکەریا مورادی، ئومید ڕەحیمزادە و مەهدی کەماڵی لە ماڵەکانی خۆیان لە شاری سەقز دەستبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ماوەیەک پاش دەستبەسەرکردنی ئەو سێ هاووڵاتییە، محەممەد ئەمینپوور لە ڕەوتی فریودانی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بۆ چاوپێکەوتنێکی پەیوەندیدار بە ئیشەکەیەوە بانگهێشت کراوە و دواتر لە ئەنجامی هێرشی بەکۆمەڵی ئەو هێزانەدا دەستبەسەر کراوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو چوار هاووڵاتییە و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە