چایپارە؛ دەستبەسەر کران و گەڕاندنی پێنج لاوی کورد لە ناو شاردا

٢٩ گەلاوێژ ٢٧٢٥، ٠٩:٣٤

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٥

پێنج لاوی کورد و خەڵکی شاری چایپارە سەر بە پارێزگای ئورمیه لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کراون و بە مەبەستی سووکایەتی پێکردن بە ناو شاردا گەڕاندیانیان.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی دووشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ (١٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٥)، پێنج لاوی کورد و خەڵکی چایپارە لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم شارەدا دەستبەسەر کران و ڕۆژی دواتر لە ئاستی شاردا گەڕاندوویانن و دواجار بۆ دادگا گواسترانەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم لاوانە کە ناسنامەی ئەوان بۆ هەنگاو پشتڕاست کراوەتەوە، لە کاتی دەستبەسەرکران تا ڕۆژی دواتر لە دەستبەسەرگە لە ژێر لێدان و ئەشکەنجەدا بوونە و دواجار لە ئاستی شاردا گەڕاندوویانن.

ئەم سەرچاوە زیادی کرد، دوو کەس لەوان تەنیا بە هۆی ململانێی زارەکی لەگەڵ هێـە ئەمنییەکاندا دەستبەسەر کراون و سێ کەسەکەی دیکەش بە هۆی بەدواداچوون بۆ چارەنووسی هاوڕێکانیان لە لایەن یەکەی پۆلیسەوە دەستبەسەر کراون.

هەنگاو ئاگادار بووەتەوە کە، پێنج لاوی دەستبەسەرکراو هیچ کەیس و ڕابردوویەکی دادوەرییان نەبووە و بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و دواتر لە شەقامەکانی شاردا گەڕاندوویانن و سووکایەتییان پێکراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە