سەقز؛ بەردەوامی دەستبەسەرکران و بێ هەواڵی لە چارەنووسی ئەیووب جوانپوور

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٥
ئەیووب جوانپوور، هاووڵاتی کورد و خەڵکی سەقز و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەم شارەدا، لە ١٦ ڕۆژ پێشەوە لە لایەن هێزەکانی ئەمنیی کۆماتی ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کراوە و هەتا ئێستا زانیارییەک لە چارەنووسی ناوبراو لە بەر دەستدا نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ ( ٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٥)، ئەیووب جوانپوور، هاووڵاتی ٤٠ ساڵە و خەڵکی سەقز لە لایەن هێزەکانی ئەمنیی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی ئەم شارە گواستراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ١١ی گەلاوێژ (٢ی ئاگۆست) لە لایەن گرووپێک لە سەلەفییەکان کەوتە بەر لێدان و توندووتیژی و بە سەختی بریندار بووە. ناوبراو دوو ڕۆژ پاش هێرشی ئەو گرووپە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیاریی ورد لە هۆکارەکانی دەستبەسەر کران، تۆمەتەکان و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە لە بەر دەستدا نییە.
ئەیووب جوانپوور ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەزبەر ٢٧٢٤ (٢٩ی سپتامبری ٢٠٢٤)، پاش تێپەڕاندنی یەک ساڵ و سێ مانگ بەندکران، بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازاد کرابوو.
شایانی باسە کە ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتریش دوو جار دەستبەسەر کرابوو و پاش تەواو بوونی ماوەی بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازاد کرابوو.