سەقز؛ نەریمان ڕەندانی، چالاکی ڕاگەیاندن جارێکی دیکە لەگەڵ براکەی دەستبەسەر کرا

٢٩ گەلاوێژ ٢٧٢٥، ٢١:٤٣

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٥

نەریمان ڕەندانی، لە چالاکوانانی بواری ڕاگەیاندن و مەدەنی خەڵکی سەقز، بۆ جاری سێهەم لە ماوەی ئەمساڵی زایینیدا لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرا. هەروەها میلاد ڕەندانی، برای ناوبراو بۆ ماوەی چەند کاتژمێر دەستبەسەر کرا و پاش لێدان و توندووتیژی ئازاد کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٦ی بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ (١٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٥)، نەریمان ڕەندانی، چالاکی ڕاگەیاندن و مەدەنی و ٣٥ ساڵە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵە بنەماڵەییەکەی لە سەقز دەستبەسەر کرا.

هەنگاو ئاگادار بووەتەوە کە، هەروەها میلاد ڕەندانی، برای نەریمان ڕەندانی بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەریی، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرا و پاش لێدان و توندووتیژیی لە دەستبەسەرگە، ئێوارەی هەمان ڕۆژ ئازاد کرا.

تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، شوێنی هەڵگرتن و چارەنووسی نەریمان ڕەندانی زانیارییەکی ورد لە بەر دەستدا نییە.

نەریمان ڕەندانی پاش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٥ (٩ی ئەپریلی ٢٠٢٥)، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە سەقز دەستبەسەر کرابوو و ٢١ی گوڵان، بە دانانی بارمتە تا کۆتایی قۆناغەکانی دادوەریی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.

ناوبراو پێشتریش لە ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٢ی ژانویەی ٢٠٢٥)، لە لایەن هێزەکانی ئەمنیی لە یەکێک لە شەقامەکانی سەقز دەستبەسەرکرابوو و ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٢٥ی فێڤرییەی ٢٠٢٥)، پاش ٣٣ ڕۆژ دەستبەسەرکران، بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتاییەکانی قۆناغی دادوەریی لە بەندیخانەی سەقز ئازاد کرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە