جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەمیر فارۆقی هاووڵاتیی خەڵکی قوروە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە

هەنگاو؛ ھەینی ٣١ گەلاوێژی ٢٧٢٥
سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی قوروە بە ناوی ئەمیر فارۆقی کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری قوروە سەر بە پارێزگای کوردستان جێبەجێکرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی چوارشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ (٢٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی ئەمیر فارۆقی، ٢٦ ساڵە و خەڵکی قوروە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە جێبەجێکرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە لە شەش ساڵ پێشەوە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەرکرابوو و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندرابوو.
هەواڵی لە سێدارەدانی ئەم بەندکراوە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە میدیاکانی حکومەت بە تایبەت میدیاکانی پەیوەندیدار بە دەزگای دادوەریی بڵاو نەکراوەتەوە.