سنە؛ ڕاپۆرتێک لە سەر دوایین دۆخی ژینۆ کەریمی، لاوی دەستبەسەرکراو لە لایەن ئیتلاعات سوپاوە

هەنگاو؛ دووشەممە ٣ی خەرمانانی ٢٧٢٥
ڕوقیە کەریمی (ژینۆ)، لاوی ١٨ ساڵەی کورد و خەڵکی مەریوان لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو لە لایەن ڕێکخراویی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و هەتا ئێستا بە دۆخێکی ناڕوونەوە لە دەستبەسەرگەدایە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، ژینۆ کەریمی، ١٨ ساڵە و خەڵکی مەریوان پاش نزیک بە دوو حەوتوو دەستبەسەرکران لە لایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە، لەم دواییانە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواستراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ژینۆ کەریمی لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە لایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە مافی پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەی و دەست پێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.
ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی هەینی ١٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ (٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٥)، لە لایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە مەریوان دەستبەسەرکرابوو و بۆ بارەگەی سەرەکیی شەهرام فەر، دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە لە سنە گواسترابوویەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و هەروەها ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییە، زانیارییەکی ورد لە بەر دەستدا نییە.