مەریوان؛ ڕەفیق مستەفایی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا

٤ خەرمانان ٢٧٢٥، ١٧:٤٨
هەنگاو؛ سێشەممە ٤ی خەرمانانی ٢٧٢٥
ڕەفیق مستەفایی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی مەریوان کە مانگی ڕابردوو لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کرابوو، بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی دادگایی لە بەندیخانە ئازاد کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٣ی خەرمانانی ٢٧٢٥ (٢٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٥)، ڕەفیق مستەفایی، ٤٢ ساڵە و خەڵکی مەریوان پاش ٢٥ ڕۆژ دەستبەسەرکران لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.
ڕەفیق مستەفایی ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ (٣١ی جولای ٢٠٢٥)، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کرابوو.
ئەم هاووڵاتییە لە کارگەیەکی خشت بڕی کە شوێنی کارەکەی بووە، دەستبەسەر و پاش ماوەیەک لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ بەندیخانەی مەریوان گواسترابوویەوە.
سەرچاوە: هەنگاو كوردی