مەهاباد؛ دەستبەسەرکرانی پوویا نەسیری لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات

هەنگاو؛ چوارشەممە ٥ی خەرمانانی ۲۷۲۵
پوویا نەسیری (ڕاوێژ)، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری مەھاباد، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ناوبراو برای پووریا نەسیرییە کە پێشتر دەستبەسەر کرابوو و لەم دواییانەدا سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۲۷ی ئاگۆستی ۲۰۲۵)، پوویا نەسیری، تەمەن ۲۳ ساڵ و خەڵکی مەهاباد لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر دوکانەکەی لەو شارە بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و بە بەکارھێنانی لێدان و کوتانەوە ئەو هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە.
شایەنی باسە کە پێشتر، پووریا نەسیری، خوێندکاری قۆناغی کارناسیی مافی زانکۆ ئازادی مەهاباد و برای پوویا، ڕۆژی پێنجشەممە ۲۹ی جۆزەردانی ئەمساڵ دەستبەسەر کرابوو و لە ڕێکەوتی ۲ی خەرمانان لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە تۆمەتی «پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت» سزای سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.