بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد؛ بەردەوامیی دەستبەسەركران و ناڕوونی چارەنووسی محەممەد لوتفی فەڕ

هەنگاو؛ چوارشەممە ٥ی خەرمانانی ٢٧٢٥
محەممەد لوتفی فەڕ، هاووڵاتیی كوردی خەڵكی مەهاباد زیاتر لە دوو مانگی ڕابردوو لە دەستبەسەریدا تێپەڕاندووە. ناوبراو ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد ڕاگیراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، محەممەد لوتفی فەڕ، تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵكی مەهاباد ٦٨ ڕۆژی لە ناڕوونی و دەستبەسەریدا تێپەڕاندووە و بارودوخی یاسایی ناوبراو هەروا نادیارە.
بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، محەممەد لوتفی فەڕ لە ماوەی دەستبەسەركرانەكەی لە مافە سەرەتاییەكانی خۆی وەكوو دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.
ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی هەینی ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ (٢٠ی ژوئەنی ٢٠٢٥)، لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە مەهاباش دەستبەسەر كرا.
محەممەد لوتفی فەڕ سەرەتا بۆ یەكێک لە دەستبەسەرگەكانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ئورمیە گواسترایەوە و دوای ماوەیەک بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد گواسترایەوە.
تا كاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكاری دەستبەسەركران و تۆمەتە سەپێندراوەكان بۆ سەر ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.