جێبەجێکرانی سزای سێدارەی چوار بەندکراو لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٦ی خەرمانانی ٢٧٢٥
سزای سێدارەی لانی کەم چوار بەندکراو کە یەک لەوان خەڵکی وڵاتی ئەفغانستان و دوو بەندکراوی کورد بوون بە ناوەکانی ئەحمەد یووسفی، فەرەیدوون محەممەدی، حیسام محەممەدی و حوسێن بیابانی لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج، ناوەندی پارێزگای ئەلبۆرز جێبەجێکرا. ئەم بەندکراوانە پیشتر بە تۆمەتە پەیوەندیدارەکان بە ماددەی هۆشبەر، دەستدرێژی سێکسی و کوشتنی ئەنقەست سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٥ی خەرمانانی ٢٧٢٥ (٢٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی دوو بەندکراویی کورد بە ناوەکانی فەرەیدوون محەممەدی خەڵکی کرماشان و حوسێن بیابانی خەڵکی هەرسین لەگەڵ دوو بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی حیسام محەممەدی خەڵکی تاران و ئەحمەد یووسفی خەڵکی وڵاتی ئەفغانستان، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێکرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، حوسێن بیابانی پێشتر بە تۆمەتە پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر، ئەحمەد یووسفی بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی، حیسام محەممەدی و فەردین محەممەدی بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران، سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لە سێدارەدانی ئەم چوار بەندکراوە لە میدیا حکوومەتییەکان بە تایبەت میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەریی بڵاو نەکراوەتەوە.