شنۆ؛ یاسر شەریفیان، ڕەشید فەقی زادە و ئومید ئیبراهیمی سزای ١٠ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا

هەنگاو؛ یەکشەممە ٩ی خەرمانانی ٢٧٢٥
سێ هاووڵاتیی کورد و خەلکی شنۆ بە ناوەکانی یاسر شەریفیان، ڕەشید فەقی زادە و ئومید ئیبراهیمی لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران بە کۆی گشتی، سزای دە ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، دادگای شۆڕشی شنۆ ئومید ئیبراهیمیان بە تۆمەتەکانی «هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی و هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» بە ٥ ساڵ بەندکران، یاسر شەریفییان بە تۆمەتەکانی «پڕۆپاگەندە و هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی، ڕاگرتنی چەکی تاپڕ و هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» بە ٤ ساڵ بەندکران و ڕەشید فەقی زادەیان بە تۆمەتی «هاندانی ڕای گشتی» بە ١ ساڵ بەندکران سزا داوە.
یاسر شەریفیان، ڕەشید فەقی زادە و ئومید ئیبراهیمی بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی گوڵانی ٢٧٢٥ (٧ی مەی ٢٠٢٥)، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئەمنییەتی بۆ ماڵەکەیان دەستبەسەر کران و لە کۆتاییدا ١٢ی جۆزەردان بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ تا کۆتایی قۆناغەکانی دادوەریی ئازاد کرابوون.
ئەم هاووڵاتییانە پێشتریش بە هۆی چالاکییەکانیان لە ژێر چاوەدێری و گرتنی دەزگاکانی ئەمنییەتی و دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بوون.