محەممەد یونسی پەرستاری خەڵکی دێلۆڕان بە تۆمەتی چالاکی تەبلیغاتی بۆ ئیسرائیل سزای بەندکرانی بە سەردا سەپێندرا

هەنگاو؛ یەکشەممە ٩ی خەرمانانی ٢٧٢٥
محەممەد یونسی، پەرستاری کورد و نیشتەجێی دێلۆڕان سەر بە پارێزگای ئیلام، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی چالاکی تەبلیغاتی بۆ ئیسرائیل سزای چوار ساڵ و سێ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپێندرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخروایی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەم دواییانە محەممەد یونسی لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیلام بە تۆمەتی «پڕۆپاگەندە دژی حکوومەت» بە حەوت مانگ بەندکران و بە تۆمەتی «چالاکی تەبلیغاتی لە ڕاستای بەهێز کردن، قەبووڵ کردن و چەسپاندنی ئیسرائیل» بە سێ ساڵ و هەشت مانگ بەندکران سزا درا.
شایانی باسە کە، بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکگەلێک لە لاپەڕەی ئینستاگرامی ئەم هاووڵاتییە، نموونەی ئەو تۆمەتانەن کە خراونەتە پاڵ ناوبرا. محەممەد یونسی پێشتریش بە هۆی چالاکییەکانی، پێشینەی سزادانی بووە.
شایانی باسە کە، ئەم هاووڵاتییە پووشپەڕی ئەم ساڵ لە لایەن هێزەکانی ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کرابوو و ٢٠ پووشپەڕ، بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ئیلام ئازاد کرابوو.