بانە؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی هووشیار شەعبانی و ئومید ئەحمەدپوور

١٤ خەرمانان ٢٧٢٥، ١٧:٣٤

هەنگاو؛ هەینی ۱۴ی خەرمانانی ۲۷۲۵

هووشیار شەعبانی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و چالاکی مەدەنی کوردی خەڵکی شاری بانە و ئومید ئەحمەدپوور، لە دوو حەوتوو پێشەوە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و تا ئێستاش زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ۱۶ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی هووشیار شەعبانی و ئومید ئەحمەدپوور، دوو هاووڵاتیی خەڵکی بانە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.

ئەو دوو هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانیانەوە تا ئێستا لە سەرەکیترین مافەکانی خۆیان وەکوو مافی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بوون و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە باری تەندروستییان بێ ئاکام ماوەتەوە.

ئەوە لەحاڵێکدایە کە هێزەکانی ئیتلاعات دوای بەرکەوتنی سێ گوللە لە لاقی هووشیار شەعبانی، ئەو هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە کە نیگەرانیی زیاتری لەسەر باری تەندروستیی ناوبراو لێکەوتۆتەوە.

هووشیار شەعبانی و ئومید ئەحمەدپوور، ڕۆژی چوارشەممە ۲۹ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۲۰ی ئاگۆستی ۲۰۲۵)، لە ناوچەی کانی سووری بانە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون.

هووشیار شەعبانی لەحاڵێکدا کە ئۆتۆمبێلی ئومیدی پێ بووە کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئیتلاعات و دوای برینداربوونی دەستبەسەر کرابوو. هەروەها ئومید ئەحمەدپوور دوای هووشیار شەعبانی دەستبەسەر کراوە.

ئەوە لەحاڵێکدایە کە هێزە ئەمنییەکان پێش دەستبەسەرکرانیان، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لانی کەم دوو جار هەوڵی دەستبەسەرکرانی هووشیار شەعبانیان دابوو بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئاکام مابۆوە.

شایەنی باسە کە، هووشیار شەعبانی لە ساڵەکانی ۲۷۱۷، ۲۷۱۸، ۲۷۱۹ و ۲۷۲۲ بەهۆی چالاکییە مەدەنییەکانی وەکوو کەمپینی پاڵپشتی لە کۆڵبەران و مانگرتن دەستبەسەر کراوە و بەدواداچوونی یاسایی بۆ کراوە و تەنانەت لە دوو حاڵەتدا سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە