جێبەجێکرانی نهێنیی سزای سێدارەی پێنج بەندکراوی کوردی خەڵکی ئورمیە لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز

هەنگاو؛ یەکشەممە ۱۶ی خەرمانانی ۲۷۲۵
ئەمڕۆ سزای سێدارەی لانی کەم پێنج هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری ئورمیە بەناوەکانی کەیوان مامەدی، نەجیب ئازەرم، بابەک عومەرزادە، هووشەنگ هەنارە و تۆفیق نێعمەتی کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، بەشێوەی نهێنی و بەبێ مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ۱۶ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۷ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی پێنج بەندکراو بەناوەکانی کەیوان مامەدی، خەڵکی گوندی دەریکی سەڵماس، نەجیب ئازەرم، خەڵکی گوندی کەلانکانی تەڕگەوەڕی ئورمیە، تۆفیق نێعمەتی، خەڵکی گوندی بەردیزی سەر بە ناوچەی سۆمای برادۆستی ئورمیە، هووشەنگ هەنارە، خەڵکی گوندی خەلیانی سەر بە ناوچەی سۆمای برادۆست و بابەک عومەرزادە خەڵکی هەمان ناوچەی ئورمیە لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز جێبەجێ کرا.
کەیوان مامەدی و نەجیب ئازەرم پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. هەروەها بابەک عومەرزادە، هووشەنگ هەنارە و تۆفیق نێعمەتی چوار ساڵ پێش لە دۆسیەیەکی هاوبەش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. ئەو سێ بەندکراوە پێشتر لە بەندیخانەی ناوەندیی هەشترووددا بوون و لەم دواییانەدا بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەیان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز گواسترابوونەوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو پێنج بەندکراوە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.