جێبەجێکردنی سزای سێدارەی عەبدولقادر ڕەسووڵی لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد
هەنگاو؛ سێشەممە ٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٦
سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی مەهاباد بە ناوی عەبدولقادر ڕەسووڵی کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددەهۆشبەرەکان سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارەدا جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی دوێنێ دووشەممە ٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٦، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی عەبدولقادر ڕەسووڵی، لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوە پێشتر بە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددەهۆشبەرەکان سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.
هەنگاو زانیویەتی کە، عەبدولقادر ڕەسووڵی ڕۆژی یەکشەممە ٣ی جۆزەردان، ڕۆژێک پێش جێبەجێکردنی سزاکەی، دوایین چاوپێکەوتن و دیداری خۆی لەگەڵ بنەماڵە و منداڵەکانیدا لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد ئەنجام دابوو.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە لەلایەن میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەزگای دادوەرییەوە ڕانەگەیەندراوە.