پیرانشار؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکران و ئازادیی مەرجداری ڕەحمان دەرئۆفتادە

١٦ خەرمانان ٢٧٢٥، ٢٠:١٧

هەنگاو؛ یەکشەممە ۱۶ی خەرمانانی ۲۷۲۵

ڕەحمان دەرئۆفتادە، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری پیرانشار و خزمی کۆمار دەرئۆفتادە - مێرمنداڵی تەمەن ۱۶ ساڵ کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان گیانی خۆی لەدەست دا - لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ماڵەکەی بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی کوڕەکەی، عیماد دەرئۆفتادە، دەستبەسەر کرا و دوای ۷ کاتژمێر دەستبەسەربوون بە مەرجی ڕادەستکردنەوەی کوڕەکەی ئازاد کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ۱۶ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۷ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵)، ڕەحمان دەرئۆفتادە، هاووڵاتیی تەمەن ۷۰ ساڵی خەڵکی گوندی زێوکەی سەر بە شاری پیرانشار لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا و پاش ۷ کاتژمێر بەشێوەی مەرجدار ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی عیماد دەرئۆفتادە، هاووڵاتیی تەمەن ۱۹ ساڵ، خوێندکاری ئەندازیاریی عومران و کوڕی ڕەحمان دەرئۆفتادە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان لە گوندی زێوکە و بەهۆی نەبوونی عیماد، باوکی بەساڵاچووی ناوبراویان دەستبەسەر کردووە و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشاریان گواستووەتەوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی دەرئۆفتادە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە؛ ڕەحمان دەرئۆفتادە پاش چەند کاتژمێر دەستبەسەربوون و لێپرسینەوە، بە مەرجی ڕادەستکردنی منداڵەکەی بە ئیدارەی ئیتلاعات بەشێوەی مەرجدار ئازاد کراوە.

شایەنی باسە کە دوای کوشتنی حکومەتیی کۆمار دەرئۆفتادە، بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو چەندین جار لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ و دەستبەسەر کراون و بەردەوام هەڕەشەیان لێکراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە