ئازادیی کاتی محەممەد ئەمین حەسەن نژاد و ئەسعەد سدیقی لە بەندیخانەکانی سەردەشت و سەقز

هەنگاو؛ دووشەممە ١٧ی خەرمانانی ٢٧٢٥
ئەسعەد سدیقی، ئەندامی گرووپی شاخەوانی (هەڵۆ)ـی سەقز و محەممەد ئەمین حەسەن نژاد، دوو هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی کورد بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی یاسایی لە بەندیخانەکانی سەقز و سەردەشت ئازاد کران.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی خەرمانانی ٢٧٢٥ (٧ی سێپتەمبەر ٢٠٢٥)، ئەسعەد سدیقی، خەڵکی گوندی «کاومەلە» سەر بە شاری سەقز پاش ٥٤ ڕۆژ بە بارمتەی یەک میلیارد تمەنی لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.
ناوبراو چوارشەممە ٢٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ (١٦ی جولای ٢٠٢٥)، لە ماڵەکەیدا و بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەریی دەستبەسەر کرابوو.
هەروەها، ڕۆژی شەممە ١٥ی خەرمانان، محەممەد ئەمین حەسەن نژاد، ٣١ ساڵە و ناسراو بە «مینە» خەڵکی گوندی سیسێر سەر بە شاری سەردەشت پاش ٧ مانگ و ١٣ ڕۆژ لە بەندیخانەی ئەم شارەدا ئازاد کرا.
محەممەد ئەمین حەسەن نژاد ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢١ی ژانویەی٢٠٢٥)، لە لایەن هێزەکانی ئەمنییەتی لە گوندی نیشتەجێی خۆی دەستبەسەر کرابوو.