بەندیخانەی قزڵحیسار؛ مردنی گوماناوی ئەمیر ئەمیری، سەرەڕای داواکاری پێڕاگەیشتنی پزیشکی

١٠ خەرمانان ٢٧٢٥، ١٤:٠٥

هەنگاو ؛ دووشەممە ١٠ی خەرمانانی ٢٧٢٥

ئەمیر ئەمیری، بەندکراوی کورد و خەڵکی شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندار بە ماددەی هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو، سەرەڕای داواکاری پێڕاگەیشتنی پزیشکی، بە شێوەی گوماناوی لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گیانی لە دەست دا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی خەرمانانی ٢٧٢٥ (٢٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٥)، ئەمیر ئەمیری، بەندکراوی تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی سەحنە بە هۆکار گەلێکی نادیار لە بەندیخانەی قزڵحیساری گیانی لە دەست دا. 

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک بە بنەماڵەی ئەمیر ئەمیری، ئەم بەندکراوە پێشتر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ڕایگەیاندووە کە داوای پێڕاگەیشتنی پزیشکی کردووە، بەڵام پاش سێ ڕۆژ بەپرسانی بەندیخانە لەگەل بنەماڵەی ناوبراو پەیوەندییان گرتووە و هەواڵی مەرگی ئەو بەندکراوەیان ڕاگەیاندووە. 

ئەم سەرچاوە زیادی کرد کە لە ماوەی ئەم سێ ڕۆژەدا، هیچ پەیوەندییەک لە لایەن ئەمیر ئەمیری لەگەڵ بنەماڵەکەی نەگیراوە و ئەم بابەتەش بووەتە هۆی گومان لە بارەی هۆکارەکانی مردنی ناوبراو. 

ئەمیر ئەمیری لە دوو ساڵ پێشەوە بە هۆی تۆمەتە پەیوەندیدارەکان بە ماددەی هۆشبەر دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سیدارە بە سەردا سەپابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە