سایینقەڵا؛ دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی عەلی شیری

هەنگاو؛ سێشەممە ۱۸ی خەرمانانی ۲۷۲۵
عەلی شیری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سایینقەڵا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عەلی شیری، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «قۆزڵوو»ی سەر بە ناوچەی هەوشاری سایینقەڵا لە چوار ڕۆژ پێشەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عەلی شیری ڕۆژی هەینی ۱۴ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۵ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە، ئەو هێزانە لە کاتی دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە ماڵەکەشیان پشکنیوە.
هەوڵەکانی بنەماڵەی عەلی شیری لە ماوەی ڕابردوودا بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە بارودۆخی ناوبراو بێ ئاکام ماونەتەوە و ناوەندە ئەمنییەکان لە وەڵامدانەوە لەو بوارەدا خۆ دەبوێرن.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.