ئورمیە؛ شاهین وەساف، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی سزای دە ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

١٨ خەرمانان ٢٧٢٥، ٢٣:٥٩

هەنگاو؛ سێشەممە ۱۸ی خەرمانانی ۲۷۲۵

شاهین وەساف، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری سەڵماس و دانیشتووی ئورمیە کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای دە ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ئەو بەندکراوە سیاسییە پێشتر سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو کە ئەو سزایە لە ئاکامدا هەڵوەشێندرابۆوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شاهین وەساف، هاووڵاتیی تەمەن ۲۹ ساڵ و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ئورمیە، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەو شارە سزای ۱۰ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

شاهین وەساف پێشتر لە لایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی هەمان دادوەر (ڕەزا نەجەفزادە)، لە دادوەرانی بەدناوی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو و ئەو سزایە ڕۆژی سێشەممە ۱۱ی ڕەزبەری ۲۷۲۳ (۳ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۳) بەشێوەی فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

سزای سێدارەی ئەو بەندکراوە لە لایەن یەکێک لە لقەکانی دیوانی باڵای ئێران بەهۆی ڕەتکردنەوەی بەدواداچوونەکان، ڕەت کرابۆوە و بە مەبەستی پێڕاگەیشتنی دووبارە بۆ لقی هاوشێوەی گەڕێندرایەوە.

شاهین وەساف ڕۆژی چوارشەممە ۳۰ی خەرمانانی ۲۷۲۲ (۲۱ی سێپتەمبەری ۲۰۲۲) لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لەگەڵ ئامۆزاکەی بەناوی ناسر وەساف لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ئورمیە دەستبەسەر کرابوون و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە شاری ئورمیە و دوای کۆتایی پرۆسەی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترابوونەوە. ناسر وەساف دوای نزیکەی یەک ساڵ دەستبەسەربوون لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرابوو.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە شاهین وەساف لەژێر قورسترین ئەشکەنجەکاندا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کراوە و لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگاکەیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراوی خۆی بێبەش بووە.

شاهین وەساف لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە لە مافی مەرەخەسی بێبەش بووە و ئێستا لە بەندی سیاسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە