ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی ئومید ڕەحمانی و کامیار نەجەف زادە لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان

٢٠ خەرمانان ٢٧٢٥، ١٦:٤٨

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٠ی خەرمانانی ٢٧٢٥

سزای سێدارەی دوو بەندکراویی کورد و خەڵکی کرماشان بە ناوەکانی ئومید ڕەحمان و کامیار نەجەف زادە، کە پێشتر بە هۆی تۆمەتە پەیوەندیدارەکان بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە جێبەجێ کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەرمانانی ٢٧٢٥ (٨ی سپتامبری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی ئومید ڕەحمانی ٣٧ ساڵە و کامیار نەجەف زادە، هەر دووکیان خەڵکی کرماشان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە (بەندیخانەی دیزڵاوا) جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئومید ڕەحمانی لە سێ ساڵ پێشەوە و کامیار نەجەف زادە لە چوار ساڵ پیشەوە بە هۆی تۆمەتە پەیوەندیدارەکان بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو.

هەواڵی لە سێدارە دانی ئەم دوو بەندکراوە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیاکانی حکوومەتی بە تایبەت میدیاکانی پەیوەندیدار بە دەزگای دادوەریی بڵاو نەکراوەتەوە.

بە پشت بەستن بە ئامارە تۆمار کراوەکان لە ناوەندیی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٥ لانی کەم ١٥٢ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون کە ٢٤ کەس لەم بەندکراوانە واتە ١٦٪ ی بەندکراوەکان کورد بوون.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە