ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکرانی چوار هاووڵاتیی کورد لە شاری بۆکان

٢٢ خەرمانان ٢٧٢٥، ٢٣:١٦

هەنگاو؛ شەممە ۲۲ی خەرمانانی ۲۷۲۵

چوار هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری بۆکان بریتی لە دوو برا بەناوەکانی ڕەشید نەسروڵڵاهی، ئیبراهیم خودکامە، عەلی ڕەشیدی و ئەبووبەکر ڕەشیدی نێوەڕاستی حەوتووی ڕابردوو لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون. دوو کەس لەو هاووڵاتییانە دوای ۲۴ کاتژمێر ئازاد کراون و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسی دوو هاووڵاتیی دیکەیان لەبەر دەستدا نییە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ۱۷ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۸ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی «پیروەلی باغی» و سێ هاووڵاتی بریتی لە دوو برایان بەناوەکانی ڕەشید نەسروڵڵاهی، عەلی ڕەشیدی و ئەبووبەکر ڕەشیدی بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کردووە.

ئەو هێزانە هاوکات لە گوندی «سریلاوە» هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی ئیبراهیم خودکامەیان دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ماڵی ئەو هاووڵاتییانەیان پشکنیوە و عەلی و ئەبووبەکر ڕەشیدی پاش ۲۴ کاتژمێر بەدانانی بارمتە ئازاد کراون.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو چوار هاووڵاتییە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ڕەشید نەسروڵڵاهی و ئیبراهیم خۆدکامە لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە