ڕێگریی ئیدارەی ئیتلاعات لە ئازادیی کاتیی محەممەد سۆهرابی دوای یازدە مانگ دەستبەسەرکردن

٥ سەرماوەز ٢٧٢٥، ١٩:٣٤

هەنگاو؛ چوارشەممە ٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٥

محەممەد سۆهرابی، هاووڵاتی خەڵکی پیرانشار و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» کە یازدەهەمین مانگی دەستبەسەرکردنی لە بەندیخانەی نەغەدە بەسەر دەبات، سەرەڕای دابینکردنی بارمتە، بە دژایەتی و ڕێگریی چەندبارەی وەزارەتی ئیتلاعات، لە مافی ئازادیی کاتی بێبەش کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٣١٠ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی محەممەد سۆهرابی، ٣٢ ساڵ کە باوکی منداڵێکی چوار ساڵە، هێشتا لە دەستڕاگەیشتن بە ئازادیی کاتی بێبەش ماوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی محەممەد سۆهرابی، تا ئێستا چەندین جار بارمتەی دیاریکراو بۆ ئازادیی کاتیی ئەم بەندکراوە سیاسییە دابین کراوە، بەڵام هەموو جارێک پرۆسەی یاسایی بە هۆی کارشکێنی و دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ناتەواو ماوەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، کۆتاجار هەفتەی ڕابردوو، بارمتەی دیاریکراو لە لایەن باوکی محەممەد سۆهرابییەوە دابین و پێشکەشی ناوەندە دادوەرییەکان کرابوو، بەڵام بە دژایەتیی وەزارەتی ئیتلاعات، هێشتا دەرفەتی ئازادیی کاتیی محەممەد سۆهرابی نەڕەخساوە.

محەممەد سۆهرابی ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٠ی جەنیوەری ٢٠٢٥)، لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کرا و کەمێک دواتر، ماڵەکەشی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پشکێنرا.

ناوبراو دوای ماوەیەک لێکۆڵینەوە بە تۆمەتگەلێکی نادیارەوە گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە و تا ئێستا ١٠ مانگ و ٤ ڕۆژی لەوێ بەسەر بردووە.

محەممەد سۆهرابی کە لە کاتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیشدا دەستبەسەر کرابوو، پێشتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ١٦ مانگ بەندکرانی تەعزیری و یەک ساڵ دوورخستنەوەی بەسەردا سەپێنرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە