کانزای زێڕی قوڵقوڵەی سەقز؛ مەحەممەد ڕەشیدی، هاووڵاتیی ناڕازی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزی حکوومەتی کوژرا و سێ خۆپیشاندەری دیکە بریندار بوون

٢٤ خەرمانان ٢٧٢٥، ٢١:٢٠

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٤ی خەرمانانی ٢٧٢٥

هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی دژ بە پرۆژەی کانزای زێڕی (قوڵقوڵە) سەقز کرد و لە ئاکامدا محەممەد ڕەشیدی، کوژرا و سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی ڕامیار ڕەشیدی، محەممەدئەمین ڕەشیدی و هێمن ڕەشیدی بە سەختی بریندار بوونە.لە ئێستادا هێڵەکانی تەلەفونی ئەم ناوچە تێکچووە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی خەرمانانی ٢٧٢٥ (١٥ی سێپتەمبری ٢٠٢٥)، محەممەد ڕەشیدی، خەڵکی گوندی «پیر عومەران» بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت کوژرا و سێ کەسی ناڕازیی دیکەی خەڵکی ئەم گوندە و لە کەسووکارەکانی ناوبراو، بە ناوەکانی هێمن، محەممەد ئەمین و ڕامیار ڕەشیدی بریندار بوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تەرمی محەممەد ڕەشیدی بۆ نەخۆشخانەی بانە گواستراوەتەوە و بریندارەکانیش بۆ چارەسەریی هەر لەم نەخۆشانەدا لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدان و دۆخی سڵامەتییان ناجێگیرە.

ئەم سەرچاوە زیادی کرد کە لە ئێستادا هێڵەکانی تەلەفونی ئەم ناوچە بە مەبەستی دیاریکراو تێکچووە و ئەگەری خۆپیشاندانی بەربڵاو لە ناو شاری سەقزیش بوونی هەیە.

هەروەها نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبی لە شاری بانە، لە لایەن ڕێژەیەکی بەرچاو لە هێزەکانی ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی ئێران گەمارۆ دراوە و ئیزنی چاوپێکەوتن و بینین بە سەردانکەران نادرێت.

درێژەی پرۆژەی کانزای زێڕی قوڵقوڵەی سەقز لە کاتێکدایە کە چەندین جار کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی دژ بەوە ڕوویداوە و چالاکانی ژینگەپارێزی و جووتیارانی قوربانی ئەم پرۆژە، دەست نووسگەلێکان بۆ ڕاگرتنی درووستکردنی واژۆ کردووە و پێشکەشی ناوەندە حکومەتییەکانیان کردووە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە