ڕاپۆرتێک لەسەر سادق فەزڵعەلی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی بیجاڕ بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئـێران
هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٦
هاووڵاتییەکی کورد و خەڵکی بیجاڕ بە ناوی سادق فەزڵعەلی، لە کاتی شەڕی نێوان ئێران_ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە خاڵی پشکنینی چوونەژورەوەی بیجاڕ بە تەقەی ڕاستەوخۆی دەیان گوللە کوژراوە و هەواڵەکەی بۆ یەکەمین جار دوای سێ مانگ لەلایەن هەنگاوەوە بڵاو دەکرێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەتای خاکەلێوەی ئەمساڵ، سادق فەزڵعەلی، هاووڵاتیی خەڵکی بیجاڕ، لەناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە چەکدارە بەسیجیەکانی خاڵی پشکنینی چوونە ناو شاری بیجاڕ گوللەباران کرا. حەبیبوڵڵا شێرگڕ، زاوای ئەم هاووڵاتییەش کە لەگەڵی بووە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە بە سەختی بریندار بووە.
بە وتەی چەندین سەرچاوەی ئاگادار، سادق فەزڵعەلی لە بەشەکانی سەر، مل، سنگ و ڕان کراوەتە ئامانج و بەهۆی قووڵیی برینەکانی دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە. هەروەها حەبیبوڵڵا شێرگڕ کە لە لای شاگردی ئۆتۆمبێلەکەدا دانیشتبوو، بە تەقەی گوللەی ئەم هێزانە لە بەشی ملیەوە بریندار بووە.
هەنگاو زانیویەتی کە، سادق فەزڵعەلی بە تازەیی بۆ مۆڵەت لە بەندیخانە ئازاد کرابوو و بە بۆنەی نەورۆزەوە بۆ یەکێک لە خوشکەزاکانی یاریی دەمانچەی کڕیبوو. ناوبراو لە دەروازەی بیجاڕ دوای وەستان لە خاڵی پشکنین، ئەم چەکە پلاستیکییەی لە دەستدا بووە و لە کاتی چاوەڕوانیدا یاریی پێ کردووە کە هێزە چەکدارەکان بە بینینی ئەم دیمەنە، بە گومانی ڕاستەقینەبوونی چەکەکە، گوللەبارانیان کردووە.
هێزە حکوومەتییەکان دوای تەقەکردن، بە پشکنینی دەمانچەکە، زانیویانە کە پلاستیکی بووە و لە وەڵامی ناڕەزایەتیی حەبیبوڵڵا شێرگڕ سەبارەت بە گوللەبارانکردنی سادق فەزڵعەلی و برینداربوونی خۆی، پێیان وتووە: «هیچ نییە بیبە نەخۆشخانە». پاشان بە هەڵگرتنی هەمان چەک لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵاتوون.
دوای گواستنەوەی ئەم دوو هاووڵاتییە بۆ نەخۆشخانە، دۆخی نەخۆشخانە کەوتووەتە ژێر ڕێوشوێنی ئەمنیی توند و دەیان ئەندامی هێزە ئیتلاعاتی و ئینتیزامییەکان لەو شوێنەدا ئامادە بوون.
دوای کوشتنی حکوومەتیی سادق فەزڵعەلی، بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بە مەبەستی بێدەنگبوون لەمبارەیەوە و ڕاگەیاندنی هۆکاری مردنەکەی بە هۆی هێرشە درۆنییەکانی ئیسرائیل، بە بەڵێنی ئەندامێتیی بنەماڵەکە لە دامەزراوەی بونیادی شەهید و پێدانی قەرەبوو، کەوتوونەتە ژێر گوشاری سپای پاسدارانەوە کە ئامادە نەبوون ئەم کارە بکەن.