ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی پێنج بەندکراو لە بەندیخانەکانی قزڵحیسار، ڕامهۆرمۆز، زاهیدان و ڕەشت

هەنگاو؛ چوارشەممە ۲۶ی خەرمانانی ۲۷۲۵
سزای سێدارەی پێنج بەندکراو بەناوەکانی مەسعوود ئۆختیزادە، ئەکبەر ئیمامی، خەلیل ڕاشیدی، ئێلیاس شیروزەهی و موحسین یارمحەممەدی، کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەکانی قزڵحیسار، ڕامهۆرمۆز، زاهیدان و ڕەشت جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ۲۵ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۱۶ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد بەناوەکانی مەسعوود ئۆختیزادە، خەڵکی کۆیەشت و ئەکبەر ئیمامی، خەڵکی نوورئابادی سەر بە پارێزگای لوڕستان لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا. ئەو دوو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
لە لایەکی دیکەوە بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ۲۴ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۱۶ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی عەرەب بەناوی خەلیل ڕاشیدی خەڵکی ڕامشیری سەر بە پارێزگای خووزستان لە بەندیخانەی ڕامهۆرمۆزی سەر بە پارێزگای خووزستان جێبەجێ کرا. ئەو بەندکراوە پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ۲۳ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۱۴ی سێپتەمبەر)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی بەلووچ بەناوی ئێلیاس شیروزەهی، تەمەن ۲۷ ساڵ و خەڵکی زاهیدان لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان جێبەجێ کرا. ئەو بەندکراوە پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
هەروەها سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۱۲ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۳ی سێپتەمبەر)، سزای سێدارەی بەندکراوێک بەناوی موحسین یارمحەممەدی تەمەن ۴۴ ساڵ و خەڵکی تاران کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەی ناوەندیی ڕەشت جێبەجێ کرا.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوانە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.