مەهاباد؛ سامڕەند وجوودی بەهۆی لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۲۷ی خەرمانانی ۲۷۲۵
سامڕەند وجوودی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری مەھاباد لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی ئەوەی بە «لەبەرکردنی جلوبەرگی خاکیی کوردی» ناو بردراوە، سزای چوار مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا سامڕەند وجوودی، هاووڵاتیی تەمەن ۳۸ ساڵی کورد و خەڵکی مەهاباد لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بەهۆی لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی خاکی و جامانە لە ڕێوڕەسمی زەماوەندی یەک لە هاوڕێکانی، سزای چوار مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرا.
ئەو هاووڵاتییە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی ۱۹ی بانەمەڕی ۲۷۲۵ (۹ی مەی ۲۰۲۵)، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بە بەکارھێنانی توندوتیژی و لێدانەوە دەستبەسەر کرا و لە ئاکامدا بەدانانی بارمتەی دوو و نیو ملیار تمەنی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات ئازاد کرا.