ڕاپۆرتێک لەسەر بەردەوامیی دەستبەسەرکرانی پێنج هاووڵاتیی کورد لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە

٢٧ خەرمانان ٢٧٢٥، ١٩:٥٩

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۲۷ی خەرمانانی ۲۷۲۵

نەریمان ڕەندانی، زەکەریا مورادی، ئومید ڕەحیمزادە، مەهدی کەماڵی و محەممەد ئەمینپوور، هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی شاری سەقز لە مانگی ڕابردۆوە دەستبەسەر کراون و لە بارودۆخێکی نادیاردا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراون.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نەریمان ڕەندانی، ۳۰ ڕۆژی ڕابردوو و زەکەریا مورادی، ئومید ڕەحیمزادە، مەهدی کەماڵی و محەممەد ئەمینپوور، ۴۵ ڕۆژی ڕابردوو لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا دەستبەسەر بوون و تا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە کە هەر ئەوە نیگەرانیی زیاتری لەسەر باری تەندروستیی ئەو هاووڵاتییانە لێ کەوتۆتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییانە لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا لە سەرەکیترین مافەکانیان وەکوو مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.

تا ئێستا چەند حاڵەتی سەردانی بنەماڵەکانی نەریمان ڕەندانی، زەکەریا مورادی، ئومید ڕەحیمزادە، مەهدی کەماڵی و محەممەد ئەمینپوور بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بێ وەڵام ماوەتەوە.

کاتژمێر ۶ی بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ۲۸ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۱۹ی ئاگۆستی ۲۰۲۵)، نەریمان ڕەندانی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە سەقز دەستبەسەر کرا. ناوبراو پێشتر ۲۰ی خاکەلێوەی ۲۷۲۵، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە سەقز دەستبەسەر و ۲۱ی بانەمەڕ بەدانانی بارمتە تا کاتی کۆتایی ھاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.

هەروەها پێشتر لە ڕۆژی دووشەممە ۱۳ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۴ی ئاگۆستی ۲۰۲۵)، زەکەریا مورادی، ئومید ڕەحیمزادە، مەهدی کەماڵی و محەممەد ئەمینپوور لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری سەقز دەستبەسەر کران.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو پێنج هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە