بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین؛ جەمیلە عەزیزی، سێهەمین بەندکراوی ژن کە لە ماوەی ۹ مانگی ڕابردوودا گیانی خۆی لەدەست داوە

هەنگاو؛ شەممە ۲۹ی خەرمانانی ۲۷۲۵
جەمیلە عەزیزی، لە بەندکراوانی ژنی بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین بەهۆی ئەوەی بە پێڕانەگەیشتنی پزیشکی ناو بردراوە گیانی خۆی لەدەست دا. ناوبراو سێهەمین بەندکراوی ژنە کە لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵ی زایینیدا لەو بەندیخانەیە بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکیی گونجاو گیانی خۆی لەدەست داوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ۲۸ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۱۹ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵)، جەمیلە عەزیزی، بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکیی کادری بێهداریی بەندیخانە گیانی خۆی لەدەست دا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کادری بێهداریی بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین سەرەڕای دیتنی جەمیلە عەزیزی و نیشانەی جەڵتە لە ناوبراودا، ئەو بەندکراوەیان بۆ بەندەکەی گەڕاندۆتەوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەو ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ جەمیلە عەزیزی و زانیاریی دیکە لەسەر ناوبراو، لەبەر دەستدا نییە.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ۹ مانگی ڕابردوودا (لە سەرەتای ساڵی ۲۰۲۵ی زایینییەوە) لانی کەم ۳ بەندکراوی ژن لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین گیانی خۆیان لەدەست داوە. مریەم شەهرەکی ۱۳ی سێپتەمبەر و فەرزانە بیژەنیپوور ۱۱ی جەنیوەریی ئەمساڵ لەو بەندیخانە گیانیان لەدەست دا.