جێبەجێکردنی سزای سێدارەی سێ بەندکراو لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج

هەنگاو؛ چوارشەممە ۲ی ڕەزبەری ۲۷۲۵
سزای سێدارەی سێ بەندکراو بەناوەکانی فەرشاد گەڕاوەند، ئەحمەدڕەزا گەڕاوەند و ئەمیر (ناوبانگ نادیار)، کە پێشتر لە دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۲ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۲۴ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی خەڵکی کۆیەشت بەناوەکانی فەرشاد گەڕاوەند و ئەحمەدڕەزا گەڕاوەند و بەندکراوێکی دیکە بەناوی ئەمیر (ناوبانگ نادیار) لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو سێ بەندکراوە پێشتر لە دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
پێشتر هەنگاو هەواڵی گواستنەوەی لانی کەم ۱۲ بەندکراو، بریتی لە ۶ بەندکراوی کوردی لە ڕۆژی یەکشەممە ۳۰ی خەرمانان بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەیان ڕاگەیاندبوو.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو سێ بەندکراوە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.