ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکرانی ڕەسووڵ ئاسن و هیوا محەممەدی لە شارەکانی شنۆ و بۆکان

هەنگاو؛ چوارشەممە ۲ی ڕەزبەری ۲۷۲۵
دوو هاووڵاتیی کورد بەناوەکانی ڕەسووڵ ئاسن و هیوا محەممەدی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی شنۆ و بۆکان دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ۱ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۲۳ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵)، هیوا محەممەدی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی «لەگز»ی بۆکان دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هیوا محەممەدی حەوتووی پێشووش بانگ کرابوو و هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرتبوو.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ۳۰ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۲۱ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵)، ڕەسووڵ ئاسن، تەمەن ۴۸ ساڵ و خەڵکی شاری شنۆ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لەو شارە دەستبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی ئاسن، ئەو هاووڵاتییە کاتژمێر ۹:۳۰ پێش نیوەڕۆ لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراوە.
ئەو سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاندووە کە ڕەسووڵ ئاسن دوای دەستبەسەرکران، بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ئورمیە گواستراوەتەوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.